سازدانی: ئازادیی كۆمه‌ڵگه
د. سیڤان سه‌عید، مامۆستاى زانکۆ و پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر و لێکۆڵه‌ر له سیاسه‌تى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌م دیداره‌یدا له‌گه‌ڵ "ئازادیی كۆمه‌ڵگه" سه‌باره‌ت به چه‌مكی وڵات پارێزیی و خیان ده‌دوێت و ئاماژه به‌وه‌ده‌دات كه وڵاتپارێزیی و خیانه‌ت چه‌مکگه‌لی نیسبیی و رێژه‌یین. به چ پێوه‌رێک که‌سێک یان گه‌لێک خائین یان وڵاتپارێزن؟ ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له هاوکارییکردنی دوژمنبێت، له ره‌وشی هه‌نووکه‌ی خه‌باتی رزگاریی کوردستاندا زۆرینه‌ی هێزه سیاسییه‌کان له هاوکاریی و ده‌سته‌مۆیی بۆ وڵاتانی سه‌رده‌ست و دوژمن به گه‌لی کورد، تێوه‌گلاون. پێیوایه بوونی هێزه وابه‌سته‌و ده‌سته‌مۆکانی داگیرکه‌رانی کوردستان به‌ستراوه‌ته‌وه به رادده‌ی وابه‌سته‌یی و گوێڕایه‌ڵییان بۆ داگیرکه‌ران. سیڤان سه‌عید سه‌باره‌ت تێپه‌ڕاندنی ئه‌و گێژاوه زیهنی، کولتووری، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوورییه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان ده‌ڵێت: خه‌باتی فره ره‌هه‌ندی که‌جه‌که له رۆژهه‌ڵاتی ناوین و به‌تایبه‌ت له کوردستاندا، ده‌کرێ وه‌ک مۆدێله تازه‌که و وه‌ک سه‌ره‌تای قۆناغی گێڕانه‌وه‌ی هیواو بڕوا و متمانه‌به‌خۆبوون و سهرهڕاستکردنهوهی مێژوو بهناوبکرێت.
ده‌قی دیداره‌كه:
ئازادیی كۆمه‌ڵگه: كۆمهڵگهکانی مرۆڤایه‌تی له دۆخێک‌دا ده‌ژین که جیهانگیریی و لۆکاڵییبوون به‌ناو یه‌کداچوون، واتا؛ چه‌نده كۆمه‌ڵگه‌کان به ئاراسته‌ی جیهانییبووندا ده‌ڕۆن ئه‌وه‌نده‌ش به ئاراسته‌ی لۆکاڵییبووندا هه‌نگاو ده‌نێن. ئایا لێره‌دا سنووره‌کان له‌نێوان پیرۆزیی و نه‌فره‌تیدا، له‌نێوان تۆخبوونه‌وه و کاڵبوونهوهدا چه‌نده واتایان ماوه؟ چه‌نده پێویستییان به سه‌رله‌نوێ پێناسه‌کردنه‌وه هه‌یه؟
د. سیڤان سه‌عید: مه‌سه‌له‌ی پیرۆزکردنی سنوور و رشتنی خوێنێکی زۆر له پێناو پاراستنی چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵات و قه‌واره‌کان؛ کێشێیهکی زۆر کۆنه و پڕ له تراژیدیا و ناهه‌قییه. کێشه‌که بوونی سنوور و ناساندنی گروپ و ناسنامه‌ی جیاواز نیه. ناسکردنی ره‌نگ و ده‌نگه جیاوازه‌کان ده‌کرا ببێته هۆکارێک بۆ پێشکه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌کان له مێژوودا و تا ئه‌مرۆیش. کێشه‌که چۆنیه‌تی ناسکردن و بره‌وپێدان یان سڕیینه‌وه و پایماڵکردنی ناسنامه‌کانه. بۆ نموونه له هیندستان که به گه‌وره‌ترین قه‌واره‌ی دیموکراتییه‌ت ده‌ناسێنرێت؛ سه‌دان گه‌ل و گرووپ و زمان و ئایینی بچووک کراونه‌ته قوربانی کێشه‌ی ناساندنی چه‌ند ناسنامه‌و زاڵکردنی پاوانی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر ناوی چه‌ند گرووپێکی زۆرینه و ده‌سه‌ڵاتخواز. جیهانگیریش به‌هه‌مانشێوه له‌هه‌وڵی یهکانگیرکدنی دنیادابوو، له‌هه‌وڵی یه‌کڕه‌نگ و یهکتامکردنی دنیادابوو. به‌ڵام نه له کۆن و نه له ئێستاشدا، ناسنامه و ورده کولتووره‌کان هه‌رگیز به‌ته‌واوی پایماڵ ناکرێن و سنووره‌کان ناتوانن به‌ته‌واوی سرووشتی فره‌ڕه‌نگیی و فره چه‌شنی بسڕنه‌وه. دووباره دیزاینکردنه‌وه‌ی جوگرافیا پێویستی به دووباره بونیادنانه‌وه‌ی زیهنییه‌ت و هزر و ره‌خنه‌کردنی مێژووی دوور و نزیک هه‌یه. ئه‌وه‌ی که هه‌ندێک پێیده‌ڵێن سهرهراستکردنهوهی مێژوو.
ئه‌گه‌ر پرسیاره‌که‌تان ئه‌وه‌یه که سنوور واتای ماوه یان نا؟ به‌ڵێ سنوور واتای هه‌یه و واتایشی ده‌مێنێ هه‌میشه. به‌ڵام گۆڕان له چۆنییه‌تی کێشانی سنووره‌کان له‌م شێوه‌یه‌ی ئێستایه‌وه که له‌لایه‌ن دهسهڵاتخوازانێکهوه و به نه‌فعی چه‌ند گرووپێکی پاوانخواز کێشراون؛ تا راده‌یه‌کی زۆر دژی سروشت و قیمه‌ت به‌های گه‌ل و نه‌ته‌وه‌کان کێشراوه ده‌بێته ئه‌رکێکی حه‌تمی له ئێستا و ئاینده‌دا.
ئازادیی كۆمه‌ڵگه: هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه؛ له خۆرهه‌ڵاتی ناوین و کوردستاندا تاچه‌ند چه‌مکه‌کانی سنوور، خاک، وڵات، وڵاتپارێزیی و خیانه‌ت پێویستییان به سه‌رله‌نوێ واتادانهوه و پێناسکردنهوه هه‌یه؟
د. سیڤان سه‌عید: رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست گرفتاریی ئه‌و هزر و خه‌یاڵه پاوانخوازییهیه که ساڵه‌هایه بووه‌ته مایه‌ی دواکه‌وتوویی و شه‌ڕ و ماڵوێرانیی و ته‌نانه‌ت کۆیله‌یی زۆرینه‌ی ره‌های خه‌ڵکه‌که‌ی به ده‌سه‌ڵاتدار و بێدهسهڵاتیشهوه. بێگومان له‌م پێوه‌ندییه‌دا مه‌سه‌له‌ی به‌هه‌ڵه تێگه‌یشتن له چه‌مک و ماناکانی ئایین و نه‌ته‌وه و ئازادیی و چه‌ندین به‌هاو قیمه‌تی مرۆڤایه‌تیی و سروشتیی دیکه‌یش. سنووره‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه زۆر ده‌سکرد و بێمانان. تایبه‌تمه‌ندییه سرووشتیی و جڤاکیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک لهبهرچاونهگیراون. ئهوجوگرافیایهی که به کوردستان به‌ناوکراوه و زۆرینه‌ی کوردانی تێدانیشته‌جێبوون له دێرزه‌مانه‌وه تائێستایش، هه‌رگیز ره‌وانیه به‌وشێوه‌یه خزێنرابێته ناو چوارچێوه‌گه‌لی ده‌سکرد و ده‌وڵه‌ت و وڵاتی دوور له خواست و تاقه‌ت و ته‌بیعه‌تی خه‌ڵکه‌که‌ی. ئه‌مه بۆ گه‌لانی ئه‌رمه‌ن عه‌ره‌ب و تورکومان و ئازه‌ریی و سوریاننیهکانیش هه‌ر راسته. بۆیه دووباره دیزاینی نه‌خشه‌ی ناوچه‌که بووه‌ته شتێکی زۆر چاوهرواننکراو و پێویست. مه‌سه‌له‌ی وڵاتپارێزیی و خیانه‌ت چه‌مکگه‌لی نیسبیی و رێژه‌یین. به چ پێوه‌رێک که‌سێک یان گه‌لێک خائین یان وڵاتپارێزن؟ ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له هاوکارییکردنی دوژمنبێت، له ره‌وشی هه‌نووکه‌ی خه‌باتی رزگاریی کوردستاندا زۆرینه‌ی هێزه سیاسییه‌کان له هاوکاریی و ده‌سته‌مۆیی بۆ وڵاتانی سه‌رده‌ست و دوژمن به گه‌لی کورد، تێوه‌گلاون. ته‌نانه‌ت چه‌مکی نیشتیمان یان نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ریی خزێنراوه‌ته ناو چوارچێوه‌یه‌ک که خیانه‌ت و ده‌ستتێکه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ دووژمن بووه‌ته شانازیی بۆ هه‌ندێک هێزی کوردیی که هه‌تا ئێستایش له قۆناغی قه‌بیله و میللیگه‌رایی سه‌ره‌تاییدان. ئه‌وه‌ی که له زانستی سیاسه‌تدا پێی ده‌ڵێن (پریمیتیڤ ناشناڵیزم یاخود ترایبهڵیزم)، له‌سه‌ر ئه‌وهێزانه زۆر به روونی ده‌ناسرێته‌وه. بۆیه تهحدیدکردنی چه‌مکه‌کان و خوێندنه‌وه‌ی ره‌وشه‌کان و هه‌ڵوێسته‌کان پێویستی به ورده‌کاری زیاتر هه‌یه تا گشتاندن.
ئازادیی كۆمه‌ڵگه: وه‌ک ده‌بینن؛ زلهێزه‌کانی دونیا له‌لایه‌ک، رژێمه داگیرکاره‌کانی کوردستان له‌لایه‌کی دیکه‌وه، له‌نێو ناکۆکی و ململانێی دژواری پاوانخوازیی و یه‌کتر سڕینه‌وه‌دان، له‌به‌رامبه‌ر به هه‌ردوو جهمسهریشدا بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی گه‌لی کوردستانیش له‌پێناو بونیادنانی سیسته‌مێکی دیموکراتیدا له‌نێو به‌رخۆدانێکی مه‌زن دایه و هه‌ردوو جهمسهرهکهیتر هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌و بزووتنه‌وه ئازادیخوازه پێشنه‌که‌وێت و کۆتایی پێبێن. ئێوه ئه‌م ململانێ و ناکۆکییه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
د. سیڤان سه‌عید: سیاسه‌ت له‌ناوچه‌که‌دا له‌سه‌ر بنه‌مای (یان هه‌موو یان هیچ) به‌ڕێوه‌ده‌برێت. ههرلهوسۆنگهیهشهوه، هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی یه‌کجاره‌کیی یهکتردهدرێت. ئه‌مه راسته‌وڕاست هزری داعشه. داعش ته‌نیا ئه‌وگرووپه نیه که له و چهندسالهدا ده‌رکه‌وتووه. هزری سنووری پیرۆز و پاراستنی له دوژمنه ناپاکه‌کان، هزری ماڵی ئاشتی و ماڵی شه‌ڕ (دار السلام و دارالحرب)، هزری دارولکوفر و دارولئیمان هه‌موو هه‌مان سه‌رچاوه‌یان هه‌یه که له‌سه‌ر بنه‌مای یان هه‌موو یان هیچ دنیا به‌ڕێوه‌ببرێت. له‌م نێوه‌نده‌دا، هێزێکی لاواز و که‌م ژماره له‌چاو ده‌وڵه‌ته‌کان و هێزه به‌ناو جیاوازه‌کان که له‌جه‌وهه‌ردا هه‌موو وه‌ک یه‌کن، ده‌رکه‌وتۆته مه‌یدان و ده‌خوازێ ئه‌م هزر و خه‌یاڵه بگۆڕێت. کاره‌که په‌یوه‌ندی به تاکتیک و سیاسه‌تی رۆژانه‌وه نیه ئه‌وه‌نده‌ی گه‌شه‌پێدانێکه بۆ گۆڕینێکی درێژمه‌ودا و زۆر نه‌فه‌سدرێژ. ئه‌وه وایکردووه که هێزو ده‌وڵه‌ته داعشبییرهکانی ناوچه‌که سه‌ره‌ڕای جیاوازیی و ناکۆکیی زێده‌یان، یه‌ک هه‌ڵوێستبن له‌دژی ئه‌و هێزه. خۆشبه‌ختانه ئاڵاهه‌ڵگریی ئه‌و هزره له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا هه‌ندێک له کورده‌کانن که چیترناکرێت به میللیگهرای سه‌ره‌تایی پێناسه‌بکرێن. ئه‌گه‌رچی له‌رووی ژماره و هێزه‌وه لاوازن، به‌ڵام بناغه‌ی گۆڕانکاریی و سهرهراستکردنهوهی مێژوویان داناوه و خۆشبه‌ختانه له کوردستان و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستیشدا جێکهوتبووه.
ئازادیی كۆمه‌ڵگه: له‌ڕۆژی ئه‌مڕۆدا؛ به‌ڕوونی هێڵی وڵاتپارێزی له‌به‌رامبه‌ر به هێڵی وابه‌سته‌یی به داگیرکاریی، له گۆڕه‌پانی ناکۆکی و ململانێیه‌کانی کوردستاندا ده‌بینرێت. ناکۆکی و ململانێی ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره له‌هه‌ر یه‌ک له به‌شه‌کانی کوردستاندا چۆن ده‌بینن؟
د. سیڤان سه‌عید: بوون و وجودی ئه‌و هێزه‌ی که له‌خه‌می گۆڕانی هزر و قیمه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و سه‌رڕاستکردنه‌وه‌ی مێژووه، به‌ستراوه‌ته‌وه به گه‌شه هزرییه‌که‌ی وپهیوهستبوونی به خه‌ڵک هه‌وڵی له‌خۆبووردوو بۆ گۆڕانکاریی له‌و قه‌یران و سهرلێشێواییهی که هه‌یه له ناوچه‌کدا. به‌ڵام بوونی هێزه وابه‌سته‌و ده‌سته‌مۆکانی داگیرکه‌رانی کوردستان به‌ستراوه‌ته‌وه به رادده‌ی وابه‌سته‌یی و گوێڕایه‌ڵییان بۆ داگیرکه‌ران. به درێژایی مێژووی حه‌فتاساڵی رابردوو، هێزه وابه‌سته‌کان هه‌میشه پارێزوان و جه‌رده‌وانی ده‌وڵه‌ته داگیرکهرهکانبوون. له‌هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستاندا هه‌ردوو هێڵه‌که هه‌ن. له باکوور و رۆژئاوای کوردستاندا سه‌ره‌ڕای دڕنده‌یی دوژمنه‌کان، هێزه گۆڕانخوازه‌کان زۆر به جه‌سووری ته‌حه‌ددای ده‌وڵه‌ته‌کان و هێزه داعشبییرهکان ده‌که‌ن. هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی هه‌ده‌په له‌لایه‌ن گه‌لی باکووریی کوردستانه‌وه سه‌ره‌ڕای تۆقاندن و گرتن و کوشتنی خه‌ڵک و خه‌باتکارانی ئازادیی روونترین به‌ڵگه‌ی وابهستتهیی ئه‌وهێزه‌یه به ئه‌خلاق و به‌ها مرۆڤایه‌تیی و دیموکراتیکه‌کانی خۆیه‌وه. له‌راستیدا له باشوور وێنه‌که زۆر پێچه‌وانه‌یه و هێزه‌کان له گێژاوێکی زۆر ترسناکدان که به‌رهه‌می بێبه‌رنامه‌یی و وابه‌سته‌ییه به داگیرکه‌رانه‌وه. به‌رهه‌می شکاندنی شکۆی مرۆڤایه‌تیی و ئازادیی هێزه‌کان خۆیانه به‌ر له‌هه‌ر شتێک. لهرۆژههڵاتیی کوردستان هێزه سیاسییه‌کان له دۆڵێکن وگه‌لیش له دۆڵێکی تر. سیاسه‌تکاره ته‌قلیدییه‌کان له‌هه‌وڵی ده‌ستماچکردنی کوڕی شا و خۆههوڵواسیینن به خه‌ونی گۆڕانکاریی له ئێران و وه‌گیرخستنی ده‌سه‌ڵاتێکی لاوه‌کیی له دوای دواوه‌ی هێزه ناڕه‌سه‌نه ئێرانییه‌کانیشه‌وه. ئه‌قڵ و هیوا و هێزی گۆڕانکاریی خه‌ڵک له رۆژهه‌لاتی کوردستان سه‌دان ساڵ له‌پێش ئه‌قڵ و ته‌ماحی هه‌رزانیی سیاسه‌تکاره په‌رت په‌رت و ته‌قلیدییه‌کانی رۆژهه‌لاتی کوردستانن.
ئازادیی كۆمه‌ڵگه: ئه‌مڕۆ باشووری کوردستان رووبه‌ڕووی داگیرکارییه‌کی هه‌مه لایه‌نه بووه‌ته‌وه. له‌به‌رامبه‌ر به‌مه بێباکی و بێخهمییهکی ترسناکی ده‌سه‌ڵاتی باشوور و لایه‌نه سیاسییه‌کان و ته‌نانه‌ت زۆرینه‌ی خه‌ڵکیش هه‌یه، ئایا ئه‌م دۆخی بێده‌نگی و بێهه‌ڵوێستییه بۆ؟
د. سیڤان سه‌عید: ئه‌و بێهه‌ڵوێستییه راست له سۆنگه‌ی خه‌یاڵی وابه‌سته‌یی و مافدان به داگیرکه‌ر که ببێته خاوه‌نماڵ و به‌شه‌رتی رازییبوون له هێزه وابهستهکانهوه هه‌ڵده‌قوڵێ. خه‌ڵکیش له بێهیواییه‌کی قووڵدایه ده‌رهه‌ق به خه‌ونی رزگاربوون و ئازادیی. بێهیواییهکه سه‌ریکێشاوه بۆ خه‌یاڵێکی زۆر خه‌ته‌ر، که قبووڵکردنی ئه‌و زه‌لیلیی و ژێردهستییهیه وه‌ک قه‌ده‌رێکی ئیلاهیی و حه‌تمی. ئه‌وه‌ی کهچل ساڵ له‌وه‌وبه‌ر، له باکووری کوردستان بووبوه حه‌تمی له‌لای خه‌ڵک؛ ئێستا له باشوور خه‌ریکه ده‌بێته قه‌ده‌ریی حه‌تمی. له‌راستیدا بزاوتی ئازادیی گه‌لی کوردستان له‌و بێهیواییه‌دا مه‌شخه‌ڵی شۆڕشی هه‌ڵکرد و بوو به هیوا بۆ خه‌ڵک. له‌باشوور ئێستا هێزێکی جدیی، له‌خۆبووردوو، رادیکاڵ و له مردن نه‌ترس پێویسته بۆ گۆڕیینی ئه‌و بێهیواییه.
ئازادیی كۆمه‌ڵگه: له‌ئه‌مڕۆدا گێژاوێکی قووڵی فیکری ده‌بینرێت، که تاڕاده‌یه‌کی زۆر ئه‌م گێژاوه په‌یوه‌ندییه‌کی زۆری به نه‌بوونی ئینتیما و پابه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌وه هه‌یه. له‌مڕووه‌وه ده‌کرێ تا چه‌ند رۆڵی رۆشنبیر له‌قووڵکردنه‌وه‌ی ئه‌م گێژاوه و مانه‌وه‌ی رۆحی وابه‌سته‌یی، ده‌سه‌ڵاتخوازێتی هێزه‌کانی میللیگهرای سه‌ره‌تایی ببینرێت؟
د. سیڤان سه‌عید: به‌ڕاستیی وشه‌ی رۆشنبیر و رۆڵی رۆشنبیر له ناوچه‌که به‌گشتیی و له باشووری کوردستان به تایبه‌تی بووه‌ته شتێکی بێزراو‌و شه‌رمهێن. شۆڕش و گۆرانکاریی و گێڕانه‌وه‌ی هیوا و بڕوابوون به خه‌ڵک و خاک و به‌ها مۆرڤایهتیی و دیموکراتیکه‌کان ئه‌رکی خه‌ڵکی له‌خۆبردوو و پاک و راسته، ئه‌رکی هه‌ژاران و چینی بێبه‌رژه‌وه‌ندییه له ئێستادا. ئه‌وانه‌ی به رۆشنبیر بهناودهکرێن، بۆینباخ له مله‌کان و زۆرینه‌ی ره‌های مامۆستایانی زانکۆ و پرۆفیسۆر و موسته‌شاری سیاسیی و قانوونیه‌کان جگه له درێژه‌پێدانی سته‌مکاریی و به‌ده‌ستهێنانی بژێوییه‌کی چڵکنی خۆیان هیچیتریان نه‌کردووه. پێویسته شۆڕش دژی ئه‌و مشه‌خۆرانه بکرێت به‌ئه‌ندازه‌ی تووڕه‌بوون له هێزه وابه‌سته و به‌کرێگیراوه‌کانی سه‌ر ساحه‌ی سیاسی له‌مڕۆدا. تۆبڕوانه که‌سێکی وه‌ک ده‌میرتاش چه‌ند به روونیی و راستگۆیی گوزارشت له خه‌م و ئازار و هیوای خهڵکدهکات. بڕوانه ئه‌و رۆشنبییره بێخێر و ههرزانانهیش که بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان ئاماده‌بوون ئیمزا بۆ نوێکردنه‌وه‌ی ویڵایه‌تی به‌سه‌رچووی بێخێرترین سیاسیی له مێژووی کورددا بکه‌ن و پاساوی زه‌رووره‌ت و هه‌ل و مه‌رج بکه‌نه به‌هانه بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان. شۆڕش و گۆڕانکاریی به که‌سانی له‌خۆبوردوو چاونه‌ترس ده‌کرێ. باشووری کوردستان پێویستی به که‌سانی له وێنه‌ی ده‌میرتاش و هاوڕێکانیه‌تی نه‌ک رۆشنبییری هه‌رزان و به‌رژه‌وه‌ندخواز.
ئازادیی كۆمه‌ڵگه: ئه‌مڕۆ له باشووردا؛ جۆرێک له راگه‌یاندن ته‌شه‌نه‌ی کردووه، که ته‌واو له‌بازنه‌ی ده‌زگاکانی شه‌ڕی تایبه‌تی داگیرکاراندا ده‌خولێته‌وه، به‌ڕاده‌یه‌ک "خیانه‌تکاریی و وابه‌سته‌یی به دووژمن وه‌ک جۆرێک له رای جیاواز" ده‌خاته‌ڕوو. ئێوه ئه‌م دۆخه‌ی راگه‌یاندن چۆن ده‌بینن.؟ چ کاریگه‌رییه‌کی خۆی هه‌یه؟
د. سیڤان سه‌عید: چونکه سیاسه‌ت له مه‌جرای راستیی خۆیدا هه‌رگیز جێگه‌ی نه‌گرتووه له‌م ناوچه‌یه‌دا، کایه‌کانی بنده‌ستی سیاسه‌تیش که میدیا کاریگه‌رترینیانه، به‌هه‌مان شێوه بووه‌ته بازاڕی ساخکردنه‌وه‌ی کاڵا و به‌رهه‌مه ناقۆڵاکانی سیاسه‌ت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش کاریگه‌ریی زۆر ترسناکی هه‌یه له‌سه‌ر کو‌لتوور و زمان و هزری خه‌ڵک. به ئاشکرا درۆ و ناڕاستییه‌کان وه‌ک باران به‌سه‌ر خه‌ڵکدا ده‌بارێنن. که‌چی ئه‌محاڵه‌ته بووه‌ته شتێکی ئاسایی و به‌ناوی ئازادیی و رای جیاوازه‌وه ده‌رخواردی مێشک و چاووو گوێی خه‌ڵک ده‌درێت. بۆیه شۆڕش ئه‌گه‌ر نه‌بێته مایه گۆڕیینیی سه‌رتاپای کایه جیاوازه‌کان و هه‌ڵته‌کاندنی ئه‌و به‌ها شێواوانه و جێگرتنه‌وه‌ی بههاگهلیی مرۆیی و ئاشنا به خه‌ڵک و به راستیی و راستیینه‌ی خه‌ڵک، ئه‌وه نه‌ک شۆڕش نیه، به‌ڵکو ئهوبهڵایهیه که ته‌مه‌نی گێژاوو و سه‌رلێشێواوی درێژده‌کاته‌وه. هه‌ڵته‌کاندنی ئهومیدیایانه و بره‌ودانی هزری درۆکردن و فرۆشتنی ناپاکیی و خیانه‌ت به‌ناوی ئازادیی و راجیاوازهوه، ئه‌رکێکی شۆڕشی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی خه‌ڵکه و ده‌بێ له ئاینده‌دا حسابی بۆبکرێ.
ئازادیی كۆمه‌ڵگه: هه‌روه‌ها هه‌مان دۆخ له‌بواری رێکخراوه نا ده‌وڵه‌تییه‌کانیشدا ده‌بینرێت، ئه‌و رێکخراوانه ئه‌وه‌نده‌ی پابه‌ندی ده‌سه‌ڵاتن و سازشکارن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی باودا، ئه‌وه‌نده پابه‌ندی دۆزی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و مه‌سه‌له‌کانی ئازادی و پرسی ئازادی ژن نین. له‌مڕووه‌وه خه‌باتی مه‌ده‌نی بۆ وه‌ها که‌تۆته گێژاوه‌وه؟
د. سیڤان سه‌عید: هه‌مان هۆکار بووه‌ته مایه‌ی بۆگه‌نکردنی ئه‌و کایه‌یه‌ی که پێی ده‌ڵێن کاریی مه‌ده‌نی و ناده‌وڵه‌تییش. پرسه گرنگه‌کانیش وه‌ک کاڵایه‌ک ده‌فرۆشرێنه به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌سه‌ڵاتی پاوانخواز. سه‌دان و هه‌زاران نموونه هه‌یه له‌مباره‌یه‌وه. دیسان ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ مه‌سه‌له ئه‌سڵییه‌که. گۆڕان له هزر و ته‌سه‌ووری خه‌ڵکدا گرنگه بۆ گۆڕیین له شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا. ئیدی کایه‌ی سیاسی بێ یان میدیا، ده‌وڵه‌تیی بێ یان مه‌ده‌نیی، پێویسته به گۆڕیینی خه‌یاڵ و هزره‌که ده‌سپێبکرێت.
ئازادیی كۆمه‌ڵگه: له‌دۆخی ئه‌مڕۆدا ده‌کرێ چ پرۆژه‌یه‌ک بتوانێت ئه‌و گێژاوه زیهنی، کولتووری، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوورییه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان به‌گشتی تێپه‌ڕێنرێت؟
د. سیڤان سه‌عید: وه‌ک وتم، ئه‌گه‌ر لاواز و له رووی ژماره و هێزیشه‌وه که‌مبن، به‌ڵام بناغه‌و سه‌ره‌تاکانی شێوازی کاریی دروست و پرۆسه‌ی سهرهڕاستکردنهوهی مێژوو ده‌ستیپێکردووه. خه‌باتی فره ره‌هه‌ندی که‌جه‌که له رۆژهه‌ڵاتی ناوین و به‌تایبه‌ت له کوردستاندا، ده‌کرێ وه‌ک مۆدێله تازه‌که و وه‌ک سه‌ره‌تای قۆناغی گێڕانه‌وه‌ی هیواو بڕوا و متمانه‌به‌خۆبوون و سهرهڕاستکردنهوهی مێژوو بهناوبکرێت.